کاریگەرییەکانی پۆرن لەسەر مامەڵە نائەخلاقییەکان لە ناوەندەكانی كاركردندا
نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر
2021-12-11
کۆمێنت
3 خولەک بۆ خوێندنەوە
1972 جار بینراوە
وەنەبێت پۆرن تەنیا ورووژێنەرێکی سادە بێت یان تەنیا ناوچەیەكی مرۆڤ چالاك بكات یاخود تەنیا بە چینێکی دیاریکراوی جڤکاوە پێوەست بێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی جومگە گرینگەکانی جڤاک هەیە، تەنانەت دەشێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین، گەر بەری پێ نەگیرێت، سەرلەنوێ کلتوور و فەرهەنگی خەڵکی بەو شێوەیە دادەڕێژێتەوە کە خۆی دەیەوێت.
یەکێک لەو شتانەی دونیای سەرمایەداری، خۆی بە دەستییەوە گیری خواردووە، کاریگەرییەکانی پۆرنە لەسەر فەرمانبەرانی دامودەزگا بازرگانی و تەنانەت حکوومییەکانیش، ئاخر بەگوێرەی ئامارەکان بێت، ڕێژەیەکی ئێجگار زۆری کارمەندان لە کاتی دەوام و لە جەرگەی کاروباردا، بێ ئەوەی بتوانن خۆیان جڵەو بکەن، خەریکی تەماشاکردنی سایتە ڕووتەکانن.
ڕاستە ئەم دیاردەیە خۆی ئارێشەیەکی بێزارکەرە، بەڵام کێشەکە لەو جێگەیەدا زەلامتر خۆی دەنوێنێت کە توێژینەوەكان دەریانخستووە، ئەو فەرمانبەرانەی خەریکی سەیرکردنی پۆرنن، کەسایەتییان بەشێوەیەکی دیار، گۆڕاوە و کەسانێکی قەڵس و تووڕە و بیفەڕیان لێ دەرچووە.
ئەسڵەن خاوەن کار و کۆمپانیاکان بە دەست ڕەفتار و هەڵسوکەوتە نامرۆڤانە و نەشیاوەکانی ئەو جۆرە کارمەندانەوە بەردەوام دەناڵێنن.
لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی 2019 لە ئەمریكادا کراوە، ئەو ڕاستییەی پشتڕاست کردووەتەوە کە پۆرن وا لە مرۆڤ دەکات، هەڵسوکەوتی ناپەسەند و نائەخلاقی و بێبەهای لێ بوەشێتەوە، هەمان ئەو کەسانەی هۆگری سایتەکانن، لە جێگەی ئەرک و کارەکانیشیاندا دیسان بە سەیرکردنی پۆرنەوە سەرقاڵن.
زانایان و کۆمەڵناسان سەریان لەم کاریگەرییە سووڕماوە و هەرچی کۆشاون، سەبارەت بە هۆکاری سەرەکی و زانسیی ئەم جۆرە ڕەفتارەی ئالوودەبووان، هیچ شیکردنەوەکی قایلکەریان شک نەبردووە.
دوای توێژینەوەی زۆر بۆیان ڕوون بووەتەوە، بەڵێ، پێوەندییەکی پتەو لەنێوان سەرهەڵدانی هەڵسوکەوتە نەشیاوەکان و بەکارهێنانی پۆرندا هەیە و ئەوانەی سەیری سایتە ڕووتەکان دەکەن، تووشی گۆڕانێکی ڕیشەیی لە ڕەفتار و مامەڵەیان لەتەک دەوروبەر و کڕیار و سەردانکەرانیاندا دەبن.
هەڵسوکەوتی بەکارهێنەرانی پۆرن، زیاتر خۆی لە تووڕەبوون، پێداهەڵشاخان، هەڵخەڵەتاندن و بەسووک تەماشاکردنی بەرانبەردا دەبینێتەوە. زۆرجار ڕەفتارە قێزەون و نەگونجاوەکانی ئەم کارمەندانە، زۆر خراپ و زیانبەخش بەسەر خاوەنکارەکاندا دەشکێتەوە.
بە وردبوونەوە لە چۆنێتیی هۆکارەکان، توێژەران بەو دەرەنجامە گەیشتوون کە پۆرن، لە دوو ڕێگاوە دەبێتە هۆی پێکهێنانی کەسایەتییەکی نائەخلاقی.
یەکەم: ئەوانەی پۆرن بەکار دەبەن، لە چەندین توێژینەوەدا دەرکەوتووە، پتر کەسانێکیان لێ دەردەچێت، بیر لە سەرەنجام و داهاتووی هیچ کارێک ناکەنەوە، زیاتر کەسایەتییەکی هەڵەشە و هەڵپەکاریان لێ دێتە کایەوە. وەختێک دەخرێنە ئەرکێکەوە، ئاکامەکەیان لەپێش چاو نییە و ئەوەی بە لایانەوە جێی بایەخە، گەیشتنە بەو چێژەی کە لە هەمان ساتدا ئارەزوویان مەیلی لێیەتی، نەوەك ئەوەی دەوروبەر و ژینگە و واقیع لێیان دەخوازێت!
بۆ وێنە، وەختێک کارمەندێک لە سووپەرمارکێتێکدا کار دەکات، ئەگەر بەکارهێنەری پۆرن بێت، لە کاتی مامەڵەکردن لەتەک کڕیاراندا، بیری لای ئەوە نییە، تا چەند هەڵسوکەوتە نەشیاو و توندتیژەکانی، یان هەلپەرستی و بەسووکسەیرکردنەکانی، کار لەسەر داهاتی سووپەرمارکێتەکە دەکات و کڕیارەکان دەتۆرێنێت.
ئەمە لە زانستی دەروونناسیدا پێی دەڵێن: Delay discounting.
ئەم دەستەواژەیە، بریتییە لەوەی کەسێک بەهۆی ئەوەی ئاکام و پادشاتی کارێکی لەبەرچاوە، ئامادەیی تێدایە، سەختی و ماندووبوونەکان لەپێناو مەبەستەكەیدا قبووڵ بکات. كەچی ئەوانەی پۆرن بەکار دەهێنن، ئەم دووربینی و ئارامییە لەدەست دەدەن و ئەوەی بیری لێ بکەنەوە، تەنیا چێژە کاتییەکانە نەوەک داهاتووە جوانەکان.
بۆ پتر ڕوونبوونەوە، نموونەیەكی دی دەهێنینەوە، بۆ وێنە: وەختێك قوتابییەك بە سەیركردنی ئەو سایتانەوە ڕموودە دەبیت، نكارێت لەوە تێ بگات، بێباكیی لە ئاست هەوڵ و ماندووبوونێكی كاتیدا، چ ئاكامێك چاوەڕێی دەكات، بۆیە لەنێو دونیا خەیاڵییە خەڵەتێنەرەكەی خۆیدا نوقم دەبێت و ئەوەی بە لایەوە گرینگ نەیەتە پێشچاو، خوێندن و مەبەست و ئامانجە دوورمەوداكانە!
بەکارهێنەرانی پۆرن لە مامەڵەیاندا، چێژی کاتی و تێپەڕ لە پێش ئاکام و داهاتووی پڕشنگدارەوە دادەنێن.
دووەم: ئەوانەی بە پۆرنەوە ئالوودەن، بەها ئەخلاقییەکانیان لە کن پووچ و بێبنەمایە، دووریش نییە بە شتێكی کەم یان زیادە و ناماقووڵ لێی بڕوانن. ئەم کاریگەرییە پێی دەگوترێت: moral disengagement
ئەمە واتا توانەوەی بەها ئەخلاقییەکان لە ڕوانگەی کەسی بەکاربەرەوە، هەر لە سۆنگەی كۆمەڵناسییەوە (Dehumanization) دیكەیشی پێ دەڵێن. هەرچی ئەم وشەیەیە، گوزارشت لە كەسایەتییەك دەكات، بەهۆی كۆمەڵێك گۆڕانكاریی قووڵەوە، كاری مرۆڤدۆستانە، چاكە، بەها و ئەو جۆرە چەمك و باسوخواسانەی بە لاوە هیچە و ناتوانێت لە دیدێكی ئەخلاقی و مرۆدۆستییەوە لە دەوروبەر بنواڕێت!
بۆیە هەردەم بە چاوێكی هەلپەرستانە و تەواو ماددییەوە لە گشت كەسێك دەڕوانێت، ئەوەیشی ببێتە بەربەست لە ڕێگای ئەزموونكردنی حەز و ئارەزووەكانیدا، دوور نییە بێ دوودڵی، ئامادەی لەناوبردن یان تۆراندن یاخود دوورخستنەوەی بدات.
ئامارەکان ئاماژەی ترسناک ترسناک لەمەڕ بەفیڕۆدانی سامانی وڵات بەهۆی بەکارهێنانی پۆرن لە وەختی کاردا بڵاو دەکەنەوە، تەنانەت لە یەکێک لەو توێژینەوانەدا دەڵێت: زیانی کۆمپانیاکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەهۆی تەماشاکەرانی پۆرنەوە، ساڵانە بە شانزە ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت!
توێژینەوەكان لەمەڕ ئەم باسەوە گەلێك زۆرن، بەڵام من بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەر و لە سۆنگەی پێویستبوونی سەرچاوەوە، ئەم توێژینەوەیەی لای خوارەوەتان بۆ دادەنێم، لە ساڵی 2019دا لە لایەن (journal of Business Ethics)ەوە بە سەرپەرشتیی ئەم دەستەیە لە توێژەران: (Mecham, Nathan W., Melissa F. Lewis-Western, and David A. Wood)، لەژێر ناونیشانی (The Effects of Pornography on Unethical Behavior in Business)دا ئەنجام دراوە.
شایەنی باسە، باسوخواسەكانی توێژینەوەكە و بەراوردكارییەكانی گەلێك لەم نووسینەی من درێژترە، بەڵام ئەمەی بەردەستت بەشێوەیەكی گشتی، ئەنجامە بەدەستهاتووەكانی توێژینەوەكەن و تێیدا پشت بە زێتر لە 101 سەرچاوەی زانستی بەستراوە.