ئافرەت بەلای زۆرێک لە هۆزەکانەوە وەکو کاڵایەکی بێکەڵک تەماشا دەکرا، ماڵی ئافرەت بە میراتی وەردەگیرا، کوڕی گەورەی پیاوەکەیشی لە ژنێکی تر بۆی هەبوو مارەی بکات پاش مردنی باوکی، یان هەر ڕێگەی نەدایە شوو بکات، تاکو ئایینی ئیسلام ئەوەی قەدەغە کرد. کوڕیش مافی ئەوەی هەبوو خێزانی باوکی مارە بکات، تاوەکو خوای گەورە ئەم ئایەتەی دابەزاند:
﴿وَلَا تَنْكِحُوا مَا نَكَحَ آبَاؤُكُمْ مِنَ النِّسَاءِ إِلَّا مَا قَدْ سَلَفَ إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَمَقْتًا وَسَاءَ سَبِيلًا﴾ النساء (22).
بێبەشکردنی ئافرەت لە بەشەمیراتی
ئینجا لە میراتی هەندێک کەسیان بێبەش دەکرد وەکو کچ و خێزان و منداڵ، میراتییان نەدەدا بە کەسێک توانای تاڵانیی هەبێت، یان توانای شەڕی هەبێت بەسەر ئەسپەوە. بێبەشکردنی ژن و مناڵ لە میراتی نەریتێکی کارپێکراو بوو لەلایان، تا ئەو کاتەی (ئەوسی کوڕی سابیت) لە سەردەمی پێغەمبەری خوادا ﷺ کۆچی دوایی کرد، دوو کچی بەجێ هێشت دوای خۆی لەگەڵ کوڕێکی منداڵدا، لەو کاتەدا هەردوو ئامۆزاکەی ئەوس هاتن هەموو میراتەکەیان بۆ خۆیان برد، خێزانەکەی ئەوس وتی دوو کچەکە مارە بکەن، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون چونکە ناشرین بوون، ئافرەتەکە هاتە لای پێغەمبەر ﷺ گوتی: ئەی پیێغەمبەری خوا ئەوس لە دونیا دەرچوو و کوڕێکی مناڵ و دوو کچی جێ هێشتووە، (عەرفەتە و سوەید)ی ئامۆزای مێردەکەم هاتن و هەموو میراتەکەیان بۆ خۆیان برد و ڕازییش نەبوون کچەکان مارە بکەن. پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: دەستکاری میرات مەکەن. ئیتر ئەم ئایەتە دابەزی:
﴿لِلرِّجَالِ نَصِيبٌ مِمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُونَ وَلِلنِّسَاءِ نَصِيبٌ مِمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُونَ مِمَّا قَلَّ مِنْهُ أَوْ كَثُرَ نَصِيبًا مَفْرُوضًا﴾ النساء (7).
تانەدان لەو کەسانەی کە کچیان بووایە
عەرەب تانەیان دەدا لە کەسێک کچی هەبووایە، چونکە کچ ناتوانێت وەکو کوڕ بەشداری تاڵانی بکات و پارە دەربهێنێت، ئەگەر لە کاتی جەنگیشدا دەستی دوژمن بکەوێت دەستی دەستی پێ دەکرێت و دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕابواردن، بەڵکو جاری وا هەبوو زۆری لێ کراوە بۆ ئەوەی هەستێت بە کاری داوێنپیسی وەکو پیشە، بۆ ئەوەی سەرگەورەکەی سوود لەو پارانە وەربگرێت، کە لە ڕێگای داوێنپیسییەوە دەریاندەکات. عەرەب ئەم کارەیان بەلاوە ڕەوا بوو، ئەم کارەیش دەبووە مایەی خەم و خەفەت و سەرشۆڕی بۆ باوکەکە کاتێک کچێکی لەدایک ببووایە، قورئانی پیرۆزیش باسی ئەو حاڵەتەی ئەو باوکەی بۆ کردووین، کە کچێکی دەبێت و دەفەرموێت:
﴿وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالأُنْثَى ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدًّا وَهُوَ كَظِيمٌ* يَتَوَارَى مِنَ الْقَوْمِ مِن سُوءِ مَا بُشِّرَ بِهِ أَيُمْسِكُهُ عَلَى هُونٍ أَمْ يَدُسُّهُ فِي التُّرَابِ أَلاَ سَآءَ مَا يَحْكُمُونَ﴾ النحل (58-59).
کوشتنی منداڵی کچ و ئافرەتی بێتاوان
زۆر جاران زیندەبەچاڵیشیان دەکرد، بەبێ ئەوەی ئەو کچە هیچ تاوانێکی ئەنجام دابێت، تەنیا لەبەرئەوەی کچ بوو، بۆیە قورئان سەرزەنشتی ئەوانەی کردووە لەسەر ئەو کارە ناشرینەیان و فەرموویەتی:
﴿وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ * بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ﴾ التکویر (8-9).
هەندێک لە عەرەبەکان کوڕەکانیشیان دەکوشت لەبەر ترسی هەژاری، تاکو ئیسلام هات و ئەوەی قەدەغە کرد. خودای گەورە دەفەرموێت:
﴿قُلْ تَعَالَوْا أَتْلُ مَا حَرَّمَ رَبُّكُمْ عَلَيْكُمْ أَلَّا تُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَلَا تَقْتُلُوا أَوْلَادَكُمْ مِنْ إِمْلَاقٍ نَحْنُ نَرْزُقُكُمْ وَإِيَّاهُمْ وَلَا تَقْرَبُوا الْفَوَاحِشَ مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَمَا بَطَنَ وَلَا تَقْتُلُوا النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ ذَلِكُمْ وَصَّاكُمْ بِهِ لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ﴾ الأنعام (151).
هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿وَلَا تَقْتُلُوا أَوْلَادَكُمْ خَشْيَةَ إِمْلَاقٍ نَحْنُ نَرْزُقُهُمْ وَإِيَّاكُمْ إِنَّ قَتْلَهُمْ كَانَ خِطْئًا كَبِيرًا﴾ الإسراء (31).
لە پای ئەوەی هەندێک کچ و مناڵەکانی خۆیان زیندەبەچاڵ دەکرد، لە بەرانبەردا هەنێکیان ئەو کارەیان بە تاوانێکی گەورە دەزانی، وەکو ( زەیدی کوڕی نوفەیل).
هەندێکی کەمیش لە هۆزەکان ڕێزی ئافرەتیان دەگرت
هەندێک لە هۆزەکانیش ڕێزی ئافرەتیان دەگرت و پرس و ڕایان پێ دەکردن لە کاتی بەشووداندا، هیچ کەسیک بۆی نەبوو پێوەی ڕابوێرێت، هەروەها بەوەیش دەناسرا کە ئازایە و بە دوای جەنگاوەرەکاندا دەڕوات و هانیان دەدا، لە کاتی پێویستیشدا بەشداری جەنگیشیان دەکرد. ئافرەتی بیاباننشین لە بەخێوکردنی ئاژەڵ و خوریڕستن و چنینی پۆشاک و عەبادا هاوکاریی مێردەکەی دەکرد، ئەم ئافرەتانە لەوپەڕی خۆپاراستن و داوێنپاکیدا بوون.