خوای گه‌وره ده‌فه‌رمووێت: ( يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ قَدْ جَآءَكُمُ ٱلرَّسُولُ بِٱلْحَقِّ مِن رَّبِّكُمْ فَـَٔامِنُواْ خَيْرًا لَّكُمْ ۚ وَإِن تَكْفُرُواْ فَإِنَّ لِلَّهِ مَا فِى ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلْأَرْضِ ۚ وَكَانَ ٱللَّهُ عَلِيمًا حَكِيمًا: ئه‌ی خه‌ڵكینه به‌ڕاستی له لایه‌ن په‌روه‌ردگارتانه‌وه پێغه‌مبه‌رێكتان به حه‌ق و ڕاستی بۆ هاتووه، ده ئێوه‌یش ئیمان و باوه‌ڕی پێ بهێنن، ئه‌وه چاكتره بۆتان، خۆ ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ نه‌هێنن ئه‌وه دڵنیا بن كه هه‌رچی له ئاسمانه‌كان و زه‌ویدا هه‌یه هه‌ر خوا خاوه‌نیانه (ئاتاجی ئیمانی ئێوه نییه)، چونكه خوا هه‌میشه و به‌رده‌وام زانا و دانایه).
خوای په‌روه‌ردگار له‌م ئایه‌ته‌دا گرنگترین فه‌رمان به سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كان ده‌كات له هه‌ر كات و شوێنێكدا بن، فه‌رمانه‌كه‌یش ئه‌وه‌یه كه باوه‌ڕ به خوایه‌تیی خوای تاک بهێنن؛ باوه‌ڕ به‌وه بهێنن كه هه‌ر ئه‌و خالقه و، هه‌ر ئه‌ویش زه‌ره‌ر و سوود ده‌گه‌یه‌نێت و، هه‌ر ئه‌ویش تاكه هێزی پشتی ئه‌و هۆكارانه‌یه كه له گه‌ردووندا هه‌ن و، چۆنیه‌تیی شته‌كانیش هه‌ر به ویستی ئه‌وه و خۆی كاروباری بۆ دیاری كردوون. واته ئه‌وه ئه‌و زاته‌یه كه (أعطی كل شیئ خلقه ثم هداه: هه‌موو شتێكی به‌ڕێکوپێكی دروست كردووه، پاشان ڕێنموونی كردووه تا به‌چاكی ده‌وری خۆی ببینێت)، هه‌ر ئه‌ویشه له ڕۆژی په‌سڵاندا هه‌موویان كۆ ده‌كاته‌وه به‌بێ گومان، كۆمه‌ڵێكیان بۆ به‌هه‌شته و كۆمه‌ڵێكیشیان بۆ ئاگر.
كه‌سیش له‌م فه‌رمانه به‌ده‌ر نییه مه‌گه‌ر منداڵێكی بچووک یان شێت، یان مرۆڤێک بێت كه له ژینگه‌یه‌كدا ژیابێت باسوخواسی دینی تێدا نه‌بووبێت و، كه‌سیش نه‌بووبێت چاوساغیی بۆ بكات و ئاگاداری بكاته‌وه، ئه‌م جۆره كه‌سانه ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ی په‌روه‌ردگار ده‌یانگرێته‌وه كه ده‌فه‌رمووێت: (وما كنا معذبین حتی نبعث رسولا).
زۆرێكیش له خه‌ڵكی پرسیاری حیكمه‌تی ئه‌م فه‌رمانه گشتییه‌ی په‌روه‌ردگار ده‌كه‌ن، هه‌ندێک ده‌ڵێن: خوای په‌روه‌ردگار چ ئاتاجی به‌وه هه‌یه كه خه‌ڵكی به گه‌وره‌ی خۆیانی بزانن و باوه‌ڕی پێ بهێنن و، خودا چ زه‌ره‌رێک ده‌كات ئه‌گه‌ر وایان نه‌كرد؟
وه‌ڵام ئه‌وه‌یه كه سوودی باوه‌ڕهێنان به خودا و دینداریكردن بۆی، شتێک نییه بۆ خوا بگه‌ڕێته‌وه، بۆیه ئه‌م بابه‌ته شتێک نییه جێی سه‌رسوڕمان بێت و پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین داخوا جۆری ئه‌و سوود و زه‌ره‌ره چییه، به‌ڵكو كه‌ڵک و سوودی باوه‌ڕهێنان به خودا بۆ خودی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ر وه‌ک چۆن كوفر و بڕوانه‌هێنانیش پێی هه‌ر به زه‌ره‌ری مرۆڤایه‌تی ده‌شكێته‌وه.
مرۆڤ وا به‌دیهێنراوه و ڕه‌وشتی وایه كه دارای كۆمه‌ڵێک خوو و ئاكاری تایبه‌تییه، بۆ ئه‌وه‌ی له ئاوه‌دانكردنه‌وه و ڕامكردنی گه‌ردووندا سوودی لێ ببینێت، وه‌كو ئاوه‌ز، درک و زانست كه هه‌ردووكیان لق و پۆپی ئاوه‌زن، هه‌روه‌ها خۆپه‌سه‌ندی و خۆپێشخستن و خۆبه‌خاوه‌نزانینی شته‌كان و ده‌ستگرتن به‌سه‌ریاندا و حه‌زكردن له شكۆمه‌ندی و پله‌وپایه.
ئه‌م خووانه‌یش هیچكات به‌باشی ئیشی خۆیان له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گه‌ردووندا ناكه‌ن و نابنه هۆی خۆشبه‌ختیی مرۆڤ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی چاودێرییه‌كی باڵایان به‌سه‌ره‌وه بێت و خاوه‌نه‌كانیان هه‌ست به بوونی ئه‌م چاودێرییه بكه‌ن.
كه‌واته ئه‌م خوو و ئاكارانه ئه‌گه‌ر هه‌ر وا لێیان گه‌ڕاین و وێلمان كردن، ده‌بنه كانگای شه‌ڕ و هۆكاری به‌دبه‌ختی، نه‌وه‌ک ببنه هۆكاری خێر و خۆشی. ده‌بینیت ئاوه‌ز و زانست ده‌بنه تۆڕێک بۆ ڕاوكردنی كه‌رامه‌ت و ژیانی مرۆڤ و، هێز و هۆكاره‌كانی هێزیش ده‌بنه زریانێكی سه‌رشێت و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به گژ یه‌كتردا دەدەن و، لاوازه‌كان ده‌کەن به كۆیله و به‌هێزه‌كانیش به سه‌رده‌سته و خۆبه‌خوازان!
بۆ مه‌گه‌ر توغیان و له‌ڕێده‌رچوونی مرۆڤ جگه له ڕه‌هابوونی ئه‌م ئاكارانه و نه‌به‌ستنه‌وه‌یان به هیچ كۆت و به‌ندێكه‌وه، له شتێكی دیکه‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌دات!؟ له بیری ده‌كات كه چاودێرێک چاودێریی وردودرشتی كاره‌كانی ده‌كات و بێگومان له‌سه‌ر هه‌رشتێک كه به ویستی ئه‌و نه‌بێت سزای ده‌دات، كه هه‌ستیشی به‌مه نه‌كرد ئیتر هه‌رچی بیه‌وێت و نه‌فس و ئاره‌زووی بیخوازن ده‌یكات.
هه‌رچی سه‌رشۆڕكردن و به‌خواكردنی مرۆڤه‌كانیش هه‌یه هه‌ر به‌رەنجامی نه‌بوونی ئه‌م كۆت و به‌نده‌یه، ئه‌م خوو و ڕه‌وشتانه ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌سه‌ر سروشتی خۆیان بڕۆن، له گۆڕه‌پانی ژیاندا خه‌ڵكی ده‌كه‌ونه زۆرانه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا و، ئه‌وانه ده‌یبه‌نه‌وه كه خاوه‌نی هێزن و، خه‌ڵكه‌كه‌ی دییش ده‌بنه ژێرده‌سته و فه‌رمانبه‌رداری ئه‌وان. پاشان بارودۆخیان چۆن بخوازێت ئاوا ته‌سلیمی سه‌رده‌سته‌یی ئه‌وان ده‌بن و زه‌لیل ده‌بن، ئه‌مه‌یش وایان لێ ده‌كات كه ببن به كۆیله، چونكه بیریان چووەته‌وه كه خوایه‌كی دروستكه‌ری زاڵ هه‌یه و هه‌رچیی بوێت له دروستكراوه‌كانی پێیان ده‌كات و كه‌سیش ناتوانێت ببێت به ڕێگر له به‌رده‌م فه‌رمان و بڕیاره‌كانیدا.
ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌كۆیله‌كراوانه و ئه‌و له‌ڕێده‌رچوو و خوانه‌ناسانه بییانزانیایه كه خوایه‌ک هه‌یه و باوه‌ڕیان به وته‌كانی و پێغه‌مبه‌ره‌كانی هه‌بووایه، ئه‌وا زاڵمه‌كان ده‌ستیان له توغیانه‌كه‌یان و كۆیله‌كانیش ده‌ستیان له كۆیلایه‌تی بۆ هاوشانه‌كانی خۆیان هه‌ڵده‌گرت.
كوفره‌كه‌ی فیرعه‌ون وای له فیرعه‌ون كرد كه به توندوتیژی ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی گه‌له‌كه‌یدا بگرێت و هه‌موویان بكات به كۆیله و چاوشۆڕی خۆی، هه‌تا ئه‌وه بوو ساحیره‌كانی كاتێک ده‌یانویست شاره‌زایی خۆیان له به‌رده‌م مووسادا -سه‌لامی خوای لێ بێت- ده‌ربخه‌ن، ده‌یانوت: (بعزة فرعون إنا لغالبون: سوێند به شكۆی فیرعه‌ون به‌ڕاستی ئێمه سه‌رده‌كه‌وین)، هه‌ستی كۆیلایه‌تی وای لێ كردبوون خۆیان له بیر چووبووه‌وه و هه‌موو ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی كه به ده‌ستیان ده‌هێنا، ده‌یاندایه پاڵ شكۆ و ده‌سه‌ڵاتی فیرعه‌ون.
لێ كاتێک باوه‌ڕبوون به خوا چووه ناو دڵی ئه‌م ساحیرانه‌وه و، دڵنیا بوونه‌وه كه هه‌ر ئه‌و ده‌توانێت سوود و زه‌ره‌ر بگه‌یه‌نێت و ژیان و مردنیش هه‌ر به ده‌ستی ئه‌وه، ئیدی لاوازییه‌كه‌یان گۆڕدرا به هێز و، له‌و كۆیلایه‌تییه پووچه بۆ مرۆڤێكی هاوشێوه‌ی خۆیان ڕزگاریان بوو و، به سه‌ربه‌رزی و شكۆوه هاتنه‌وه به گژ هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌كانی فیرعه‌وندا؛ (لَن نُّؤْثِرَكَ عَلَىٰ مَا جَاءَنَا مِنَ الْبَيِّنَاتِ وَالَّذِي فَطَرَنَا ۖ فَاقْضِ مَا أَنتَ قَاضٍ ۖ إِنَّمَا تَقْضِي هَٰذِهِ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا، إِنَّا آمَنَّا بِرَبِّنَا لِيَغْفِرَ لَنَا خَطَايَانَا وَمَا أَكْرَهْتَنَا عَلَيْهِ مِنَ السِّحْرِ ۗ وَاللَّهُ خَيْرٌ وَأَبْقَىٰ: هه‌رگیز تازه باوی تۆ ناده‌ین به‌سه‌ر ئه‌م به‌ڵگه و نیشانانه‌دا كه بۆمان هاتووه. سوێند به‌و كه‌سه‌ی كه دروستی كردووین، چیت له ده‌ست دێت ئه‌نجامی بده و درێغی مه‌كه، به‌ڕاستی تۆ هه‌ر ده‌توانیت ژیانی ئه‌م دنیایه‌مان لێ زه‌وت بكه‌یت، ئێمه ئیتر به‌ڕاستی باوه‌ڕمان هێناوه به په‌روه‌ردگارمان، تا له گوناهه‌كانمان خۆش ببێت و له‌و جادووگه‌رییه‌یش كه به‌زۆر پێت كردین، هه‌میشه خوای گه‌وره له هه‌موو كه‌س چاكتره و له هه‌موو كه‌س پایه‌دارتر و به‌رده‌وامتره).
كه‌واته نهێنیی گرنگیی باوه‌ڕهێنان به خودا له‌وه‌دایه كه خه‌ڵكی نه‌بن به كۆیله‌ی یه‌كتر و، تێكڕا و بێ چه‌ندوچوون ببن به به‌نده‌ی خوا. هیچ ڕێگه‌یه‌كیش بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤ له زیندانی كۆیلایه‌تی نییه مه‌گه‌ر ڕێگه‌ی به‌ندایه‌تیی ڕاسته‌قینه‌ی خوای په‌روه‌ردگار.