عاشوورا، کۆتایی پەڕجووەکان و سەرەتای جیهاد

نووسینی: محەمەد ئیلهامی وەرگێڕانی: ئازاد حسێن
فیکر 2024-07-20 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 735 جار بینراوە

یەکێک لەو وانانەی لە ڕۆژی عاشوورادا زۆرێک لە خەڵکی بیریان چووە و یادی ناکەنەوە ئەوەیە ئەو ڕۆژە کۆتایی پەڕجووەکان و دەستپێکی جیهاد بووە.

نوقمکردنی فیرعەون و سوپاکەی دواپەڕجووە تێیدا ئاسمان ڕاستەوخۆ یارمەتیی باوەڕداران بدات سەر بکەون و بەدرۆخەران لەناو بدات. ئاخر پێشتر یاسای خوا وا بوو پەیامبەرێک بنێرێت ڕێ بە خەڵکی پیشان بدات و بۆ لای ئەویان بانگ بکات، جا هەرکێ باوەڕی بهێنایە و وەڵامی بانگەوازەکەی بدایەتەوە و لەسەر ئەو چەڵەمانەی تووشی دەهات دانی بە خۆیدا بگرتایە، ئەوا خوا لەو بەڵا لەناوبەرەی بۆ ئەو گەلەی دەنارد ڕزگاری دەکرد. 

خوای گەورە دەفەرموێت: {فَكُلًّا أَخَذْنَا بِذَنْبِهِ فَمِنْهُمْ مَنْ أَرْسَلْنَا عَلَيْهِ حَاصِبًا وَمِنْهُمْ مَنْ أَخَذَتْهُ الصَّيْحَةُ وَمِنْهُمْ مَنْ خَسَفْنَا بِهِ الْأَرْضَ وَمِنْهُمْ مَنْ أَغْرَقْنَا} [العنكبوت: 40]. واتە: (ئێمە هەریەک لەوانەمان بە تاوانەکەی خۆیان گرت. جا هێندێکیان بای زۆر توندی پڕ لە چەومان ناردە سەریان، هێندێکیشان نارەتەی زل دایگرتن و هێندێکیشمان بە ناخی زەویدا ڕۆ برد؛ هێندێکیشیانمان لە ئاودا نوقم کردن.) 

ئینجا ویستی خوای گەورە وا بوو تیاچوونی فیرعەون کۆتا پەڕجووی گەورە بێت و دوای ئەوە پەیامەکە بکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵێک لە خەڵک، لەپێناوی خوادا تێبکۆشن و ئامرازەکان بگرنە بەر و شوێنی ڕێسا خواییەکان بکەون. گەر وایان کرد سەر دەکەون و پەیامەکە لە دەوڵەتێکدا بەرپا دەکەن، خۆ گەر کەمتەرخەمییشیان نواند یاساکانی ژیانیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت و خوا کەسانێکیان بەسەردا زاڵ دەکات زەبوونیان بکەن، تا بگەڕێنەوە بۆ لای خوا و جارێکی تر پەنا ببەنەوە بەر ئامرازەکان. 

ئەبوو سەعیدی خودری خوا لێی ڕازی بێت دەفەرموێت: خوای گەورە دوای دابەزاندنی تەورات هیچ گەلێک لە گەلانی بە بەڵا لەناو نەبردووە؛ بەڵکوو پاش ئەوە فەرمانی بە باوەڕداران کردووە دژی موشریکان بجەنگن. 

بۆیە پەیامەکەی مووسا سەلامی خوای لێ بێت، بە ڕزگاربوون لە فیرعەون کۆتایی نەهات، بەڵکوو بەشی دووەم -کە گرنگتریش بوو- دەستی پێ کرد، ئەویش ئامادەکردنی ئەم گەلە بوو بۆ جیهاد و سەرکردایەتیکردنیان بوو لە تێکۆشان لەپێناو خوادا. ئەرکەکەی ئەوە بوو لە ڕێگەی ئوممەتی بەنی ئیسڕائیلەوە دەوڵەتێک بنیات بنێت پەیامی خوای تێدا بەرپا بکرێت. لێ ئەوان ڕەتیان کردەوە جیهاد بکەن و پشتیان لەم داوایە کرد و وتیان:  {إِنَّا لَنْ نَدْخُلَهَا أَبَدًا مَا دَامُوا فِيهَا فَاذْهَبْ أَنْتَ وَرَبُّكَ فَقَاتِلَا إِنَّا هَاهُنَا قَاعِدُونَ} [المائدة: 24] واتە: (هەتا ئەوان لەو شوێنە بن، ئێمە هەرگیز زات ناکەین بچینە ئەوێ. خۆت و پەروەرندەت بچن دەگژیان ڕابچن و چاریان بکەن؛ ئەوا ئێمە لێرە نیشتووین چاوەنۆڕین).

ئەوە بوو خوا بە سەرگەردانبوون لە بیابانی سینا و شامدا بۆ ماوەی چل ساڵ سزای دان. ئەم ڕووداوەیش لە دیوێکەوە سزا بوو بۆیان، سەرگەردان بوون و ئارامییان لەدەست دا و لە دەوڵەت و عیززەت و دەسەڵات بێبەش کران و بێلانە کەوتن. لێ لە ڕوویەکی دیکەوە خێری تێدا بوو، ئاخر جیلی دووەم بە شێوەیەک پێ گەیشت خاڵی بوو لە پاشماوەکانی چەوساوەیی و لاوازی و خراپەکاری کە لە سەردەمی فیرعەوندا تووشی باوباپیرانیان هاتبوو. بۆیە پەروەردەکەیان سروشتی بوو، هێزێکی زاڵیان بەسەرەوە نەبوو دەروونیان لەسەر چەوساوەیی ڕابهێنێت و تواناکانی ناخیان بژاکێنێت. جا پێغەمبەری خوا یووشەعی کوڕی نوون بووە سەرکردەیان و تەکیاندا تێکۆشا تا سەرکەوتن و خوای گەورە دەرووی لێ کردنەوە و ڕۆیشتنە ناو خاکی پیرۆزەوە، هەروەها دەسەڵاتی ستەمکارانی لەنێو برد و یەکەم دەوڵەتی بۆ بەنی ئیسڕائیل پێک هێنا. 

لێرەدا جیاوازییەکی گرنگ لەنێوان پەڕجووەکەی مووسا و یووشەعدا سەلامی خوایان لێ بێت بەدی دەکەین. دەراساکەی یووشەع ئەوە بوو کاتێک بووە سەرکردەی بەنی ئیسڕائیل خەریک بوو وڵاتەکەی فەتح دەکرد، لێ جەنگەکە درێژەی کێشا و نزیک بوو شەو دابێت، لەو حەلەدا سەیری خۆری کرد و پێی وت: هەم من و هەم تۆیش هەردوکمان کارێکمان پێ سپێردراوە. بۆیە داوای لە خوا کرد ڕایبگرێت، خوای گەورەیش تا کارەکەی بە ئەنجام گەیاند، بۆی وەستاند. 

جیاوازییەکە ئەوەیە نوقمبوونی فیرعەون لەوەی مووسادا لە وەختێکدا بوو هەڵدەهاتن، لێ لێرەدا پەڕجووەکە لەناو گەرمەی جەنگدا بوو. ئەمەیش ئەو مانایەیە کە جەختی لێ دەکەینەوە: ڕۆژی عاشوورا ڕۆژی کۆتاییهاتنی ئەو پەڕجووانەیە وا بەبێ هەوڵدانی موسوڵمانان، ستەمکارانی تەفروتونا دەکرد و سەرەتای جیهادی باوەڕدارانە، ئەوانەی ئامرازەکان دەگرنە بەر، ئەوجا دواتر باوبەزێنەکان وەک یارمەتی و دڵخۆشی و مژدەیەک بۆیان دەردەکەون. 

بەنوو ئیسڕائیل یەکەمین ئوممەتێک بوو پەیامی خودا هەڵبگرێت و لەپێناویدا تێبکۆشێت. کاتێک گوێڕایەڵ دەبوون، دەیانبردەوە و سەر دەکەوتن، هەرکاتێکیش ئەمەیان پشتگوێ بخستایە و کەمتەرخەم بووبان، دەدۆڕان و شکستیان دەهێنا و پیرۆزییەکانیان لە چنگ دەردەهێنرا.

هەروەها خوای گەورە لە قورئاندا چیرۆکی جیلی دواترمان بۆ دەگێڕێتەوە کە زێد و ماڵی خۆیان جێ هێشت و بە سەرکردایەتیی تاڵووت، بەسەر جالووت و سوپاکەیدا سەرکەوتن. لەوێیشەوە سەردەمی زێڕینی بەنوو ئیسڕائیل دەستی پێ کرد کە سەردەمی داوود و سولەیمان بوو سەلامی خوایان لێ بێت. 

لێ بەنی ئیسڕائیل بە شێوەیەکی گشتی گەلێکی خراپ بوون، نە کتێبەکەیان هەڵگرت و نە حەقەکەیان ئەدا کرد. بەڵکوو {كُلَّمَا جَاءَهُمْ رَسُولٌ بِمَا لَا تَهْوَى أَنْفُسُهُمْ فَرِيقًا كَذَّبُوا وَفَرِيقًا يَقْتُلُونَ} [المائدة: 70] واتە: (هەرکەس لەو پێغەمبەرانە پێچەوانەی دڵخوازی وان شتێکی بۆ بهێنابان، هێندێکیانیان بە درۆزن حسێب دەکرد؛ هێندێکیشیان هەر بە کوشتن لە بەین دەبرد). هێندە نمەکنەناس و لووتبەرز بوون تا خوای گەورە ئەم نیعمەتەی لێ زەوت کردن و شەرەفی هەڵگرتنی ئەم پەیامەی لێ سەندنەوە و لە تەورات و ئینجیل و قورئاندا ئەم سزایەی بۆ نووسین. 

ئەوەتانێ لە (سفر الاستثناء ۱۱/۳۲)دا هاتووە: "ئەوان لەجێی من شتێکیان پەرست کە خوا نەبوو و بە پەرستراوە پووچەکانیان منیان تووڕە کرد. منیش کۆمەڵێک دەخەمە جێیان کە گەل نین، بە کۆمەڵێک ئاڵشتیان دەکەم نەزان و قینلێهەڵگیراون". واتا کاتێک لە هەنبەر خوادا دەستیان چووە ئەم تاوانە، بەوە سزا دران پەیامەکەیان لێ سەندرایەوە و خرایە ئەستۆی گەلێکی نەخوێندەوار کە ئەویش گەلی موسوڵمانان بوو. خوا وا باسیان دەکات: {هُوَ الَّذِي بَعَثَ فِي الْأُمِّيِّينَ رَسُولًا مِنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ لَفِي ضَلَالٍ مُبِينٍ} [الجمعة: 2] واته: (هەر ئەویشە لەناو نەخوێندەواراندا پێغەمبەرێکی لە خۆیان بۆ کل کردن، کە نیشانەکانی ئەویان بۆ وەخوێنێ و لە کتێب و لە کارزانی ڕایانبێنێ؛ هەرچەند ئەوان لە پێشوودا لەوپەڕی گومڕاییدا بوون).

جا پەیامەکە خرایە ئەستۆی ئوممەتی موحەممەد دروودی خوای لێ بێت. هەرچەند دەراساکانی پەیامبەرەکەمان یەکجار زۆرن، لێ دەنکێکیشیان چییە بۆ سەرخستن یان وەک سزا بۆ تاوانکاران بەبێ تێکۆشانی بڕواداران دەرنەکەوتوون. بەڵکوو کاتێک باوبەزێنێک بۆ پشتیوانیی موسوڵمانان و یارمەتیدانیان ڕووی داوە کە لە جەنگی بەدردا بوون،

یان دواتر وەختێک لە خەندەقدا ئارامیان گرت. ژیانی پێغەمبەر هەر هەمووی جیهادێکی بەردەوامی نەبڕاوە بوو. ئامرازەکانی بەکار دەهێنا و بەم شێوەیە بارودۆخی دەوڵەتەکەی ڕێک دەخست و کاری هاوەڵانی ڕادەپەڕاند و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پتەو دەکرد و بەرنامەی بۆ جەنگەکان دادەڕشت و پەیمانەکانی دەبەست، تا دەوڵەتی ئیسلام دامەزرا و بووە هۆی ڕووناکبوونەوەی جیهان و باشترین گەلی لێوە دەرچوو. 

بۆیە کاتێک یادی عاشوورا دەکەینەوە و بۆنەی بۆ دەگێڕین، ئەو ڕۆژە کە ڕۆژی فەوتانی زاڵمان و ڕزگاربوونی چەوساوەکان بوو، دەبێت ئەمەمان بیر بێت و بزانین عاشوورا کۆتایی دەراسا باوبەزێنەکان و سەرەتای جیهادی خواناسان بووە. ئەو جیهادەی تێیدا خوای گەورە گیان و ماڵی باوەڕدارانی کڕیوە بەوەی بەهەشتی بۆ داناون. {إِنَّ اللَّهَ اشْتَرَىٰ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ أَنْفُسَهُمْ وَأَمْوَالَهُمْ بِأَنَّ لَهُمُ الْجَنَّةَ يُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ فَيَقْتُلُونَ وَيُقْتَلُونَ} [التوبة: 111]. 

ئەمەیش کارێکی یەکجار گەورە و فرە گرنگە، هەر وەک چۆن درێژخایەنە و تاقەتپڕووکێنیشە. ئاخر زۆربەی ئەهلی زەوی ستەملێکراون، داماوترینی ستەمدیتەکانیش ئەوانەن وا هەر لەناو ستەمدا گەورە بوون تا وایان لێ هاتووە بەرانبەری بێباکن و هەستی پێ ناکەن، لە هەموو مەزڵوومانیش لەپێشتر موسوڵمانانن. وەک شاعیر دەڵێت: (أني نظرت إلى الإسلام في أرض، وجدته كالطير مقصوصا جناحاە). واتە: لە زەویدا ڕوانیمە ئیسلام، بینیم چەشنی باڵندەیەکی لێ هاتووە هەردوو باڵی لە بندا بڕاون. 

هەر بۆیە کاری ئێمە تا ستەمێک لە زەویدا مابێت درێژەی دەبێت، هەر لەبەر ئەمەیشە پەیامبەرمان پێی ڕاگەیاندووین کە "جیهاد تا ڕۆژی قیامەت بەردەوامە". 

ئەو وانەیەی دەبێت لە عاشووراوە فێری ببین ئەوەیە خۆمان ببینە عاشوورا… عاشوورای گشت ستەمدیتەیەک و عاشوورای گشت ستەمکارێک. 

- مانای ئایەتەکان لە وەرگێڕانەکەی مام هەژارەوە وەرگیراون.

تاگەکان    
دەروونناسی شیرک دیزاینی زیرەک بوومەلەرزە گفتوگۆ زانایان فیلم حەج نەتەوایەتی گەنجان شەهید ئازادی کونە ڕەشەکان چیرۆک ئایین
فیکر
2024-07-20 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 735 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی