ئیسلام لە حکوومڕانیدا داهێنان دەکات

نووسینی: ئەدهەم شەڕقاوی وەرگێڕانی: سرووش محەمەد
فیکر 2024-07-25 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 457 جار بینراوە

دوو ڕۆژ پێش ئێستا، ئەفغانستان دانەوەی دوا قەرزی نێونەتەوەیی ڕاگەیاند، بەمەیش بوو بە وڵاتێک کە هیچ قەرزێکی دەرەکیی لەسەر نییە. ئەم دەسکەوتەیش تەنیا دوو ساڵ و نیوی دوای گەڕانەوەی تاڵیبانی بۆ سەر حوکمی وڵات خایاند.

بەدرێژایی چەندین ساڵ، ڕاگەیاندنە سەرمایەدارییە ڕۆژاوایی و عەرەبییەکان وەک وەحشی و دڕندەگەلێک، کە لە ئەشکەوتدا دەژین و فڕیان بە سیاسەت و ئابووری و خوێندنەوە نییە، ئەوانیان پیشان داوین.

وایان پیشان داوین کە نە عەقڵ و، نە تێگەیشتنیان هەیە و، لە ڕوانگەی چەکەکانیانەوە نەبێت بە هیچ شێوەیەکی دی تێ نافکرن.

تۆیش ناچاریت باوەڕ بە چیرۆکەکانیان بکەیت، ئەگەرنا بە پشتیوانی تیرۆر تۆمەتبار دەکرێیت، تەنانەت ئەگەر چیرۆکەکانیان لە پارچە پسکیتێکی ناو کوپێک چاییش لاوازتر بێت.

بەسادەیی، ئەوان خاوەن شارستانەتی و خاوەن پەیامن، دەتوانن وڵاتێک داگیر بکەن، حکوومەتەکەی بڕووخێنن، گەلەکەی بکوژن، خەڵکەکەی شاربەدەر بکەن، سامانەکەی بدزن و حکوومەتێکی دڕندە دابنێن کە لەسەر ئەم کارانە دەستباریان بێت. بەڵام ئەوەی کە چەکێک دەگرێتە شان و پارێزگاری لە خاک و نامووس و دینەکەی دەکات، تیرۆرست و دواکەوتووە.

بەساکاری، ڕۆژاوا لە مزگەوت ناترسێت، تەنانەت ئەگەر لە سەربانی هەموو ماڵێکیشدا مزگەوتێک هەبێت. ڕۆژاوا لەوە تۆقیوە کە ئیسلام دەسەڵات و دەوڵەتی هەبێت؛ جا ئەوکات مسوڵمانان لە کلکەوە دەبن بە سەر و، لە مێگەلێکی بێزەڕ کە بە گۆپاڵێک ئاڕاستە دەکرێن، بگۆڕێنە کۆمەڵە گورگێک کە ددان و چنگیان هەبێت توانای بەرگریکردنیان هەبێت.

ئیسلام هەر کات ڕێی پێ بدرێت حوکم بە دادپەروەری و میانڕەوی و تێگەیشتنە ڕاستەکەی بکات، داهێنان دەکات. دەتوانیت ئابووریی ئێستای ئەفغانستان، کە پەتی قەرزەکانی لە ملی خۆی کردەوە و، بەڵگەنامەی کۆیلایەتیی بانکی نێونەتەوەیی دڕاند، بە ئابووریی میسڕ و ئوردن لوبنان و سووریا و عێراق بەراورد بکەیت کە بارودۆخیان هەر وەک خۆیەتی.

ئەو میسڕەی کە لە سەردەمی یووسفدا -دروودی خوای لەسەر بێت- نانی هەموو دنیای دەدا، خەڵکەکەی وا دەمرن بۆ گۆشت. ئەو میسڕەی ئەگەر تەنیا لە ڕۆخی ڕووباری نیلدا گەنم چێنرابا، بە دەنکەگەنگم دەبووە زلهێزێکی گەورە، بەڵام ئەفسووس، گەندەڵی...

ئێمە لە سامانمان کەم نییە، وڵاتی مسوڵمانان دەوڵەمەندترین وڵاتانانن لە ڕووی سەرچاوەوە. ئێمە لە بەڕێوەبردن و ئیرادەی وڵاتێکمان کەمە کە بەڕاستی حوکمی ئیسلامی تێدا بەرپا بکرێت، نەک لە وڵاتێکدا خەڵکەکەی مسوڵمان بن و یاساکانی هاوردە بن و، سەرگەورەکانیان ژێردەستە بن و، ئابوورییەکەی بە کۆیلەبوونی بانکی نێونەتەوەییەوە پەیوەست بێت.

درامای میسڕی، دیندارەکانیان وەکو دەستە تیرۆرستگەلێکی وڕ و گێل بۆ وێنا کردووین. عادل ئیمامیش زۆر بە پێکەنینی هێناوین، وەختێک ئەو باوەڕە کڵیشەییەی لە مێشکدا کەڵەکە دەکردین کە دینداری و پاشکەوتوویی دوو ڕووی یەک دراون.

هەر وا درامای سووریاییش دیندارەکانی وەک دەروێش و ئەهلی بەرەکەت، کە شوێنیان تەنیا گۆشە و تەکیەکان بێت، بەڵام دەسەڵات و بەڕێوەبردن، ئەوە پیاوی خۆی هەیە.

ئێستا ئەوە حاڵمانە! دوای چەندین دەیە لە بێبەشکراویی ئیسلام لە بەڕێوەبردن، ئەنجام کوا؟ نە ئابووری هەیە، نە خوێندن و نە سوپا!

ئەزموونی حەماسیش لە غەززەدا ئەزموونێکی سەرسووڕهێنەرە، دەتوانێت پێت بڵێت ئیسلامی گەورە چیی لە دەست دێت، کاتێک دێتە سەر حوکم.

لە ساڵی شکستدا، ساڵی ١٩٦٧، سوپای هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکان کۆ بوونەوە و، لە شەش کاتژمێر زیاتر نەیانتوانی خۆیان لە بەرانبەر زایۆنیستاندا ڕابگرن. ئێستایش ماوەی زیاد لە ٢٠٠ ڕۆژە قەسسام هەر لەسەر پێ ڕاوەستاوە، لە بەرانبەر چەکگەلێکدا کە نەک هەر دەوڵەت دەڕووخێنێت، بەڵکو ئیمپراتۆرییەتیش وێران دەکات.

غەززە ئەو توانستەی نییە کە دەوڵەتانی ئێمە هەیانە، نە نەوت، نە زێڕ، نە بەندەر و نە فڕۆکەخانە، غەززە خاوەنی دینێکی ڕاست و ئیرادەیەکی ڕاستگۆیانەیە.

دەزگای وێرانکاریی زایۆنی هەمیشە بە تانکی مێرکاڤاوە دەنازی و خۆی هەڵدەنا، کە دەیان ساڵ لەپێش هەرچی چەکی دژەبەرگریی ئەو دنیایە هەیە، خۆڕاگرانە مابوویەوە. پاشان ئەو گەمارۆدراوانە هاتن، دوای ئەوەی چەندین ساڵە لە ئابڵووقەدان و، سەرچاوە و شمەکە بنەڕەتییەکانیان لێ گیراوەتەوە، هاتن و گوللەتۆپی (یاسین-١٠٥)ـیان درووست کرد و، تانکی مێرکاڤایان ڕسوا کرد و، قڕیان تێ خست.

کام لەو دەوڵەتانەی خۆمان چەکی خۆی درووست دەکات، سەرەڕای زۆریی سامانی؟

وەڵام: هیچ کامیان.

نەک لەبەر ئەوەی ناتوانین، لەبەر ئەوەی قەدەغەیە.

زۆریش قەدەغە و ڕێگەپێنەدراوە دەستت بۆ شتێک درێژ بکەیت کە تەرازووی زلهێزان هەڵگەڕێنێتەوە. دەبێت هەمیشە دەستبەستراو بیت، چەک بکڕیت و ئازادیی بەکارهێنانیت نەبێت!

گەرەکە قەناعەتیشت وا بێت کە ئیسلام قەت بۆ حوکمپێکردن ناشێت و، ئەوانەیشی هەوڵی گۆڕینی یاسای یارییەکە دەدەن، جگە لە کۆمەڵێک تیرۆرست و پاشکەوتوو، هیچی تر نین، هەر ئەوانیش بەرپرسن لەوەی وڵاتانمان بە کوێ گەیشتوون. ئیسلام لە حوکمڕانی بێبەش دەکەن، کەچی شکستەکانی خۆیانی دەخەنە ئەستۆ.

تاڵیبان لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا موعجیزەیەکی خوڵقاند، لە کاتێکدا کێشە داراییەکان ئەو سیستەمانەی دەوروبەرمان کە تەمەنیان چەندین دەیەیە، بەبەردەوامی لە خراپبووندان.

حەماس موعجیزەی لە شوێنێکی بچووکی گەمارۆدراودا، کە لە بچووکترین پایتەختەکانی ئێمە بچووکترە، خوڵقاند. سەربازی بەشانوشەوکەت و ژینگەیەکی لەخۆگری بۆ ئەو بەرگرییە ئیماندار و ئارامگر و سەنگینە خوڵقاند، کە ئێمەی شۆک کرد، بەر لەوەی هەموو دنیا شۆک بکات.

ئەو ئیسلامە مەزنە، لە حکوومڕانیدا داهێنان دەکات.

خوایە ئەو سەربەرزییەمان پێ ببەخشیت کە بەڵێنت بە بەندە چاکەکارە موجاهیدەکانی خۆتت داوە، خوایە ڕزگاربوونێکی بەپەلە و سەرکەوتنێکی نزیک و مژدەیەک بۆ ئیمانداران...

تاگەکان    
بوووژانەوە فەلەستین کتێب خوێندنەوە قەدەر شیرک ئازادی پۆرن فەرهەنگ هاوڕەگەزخوازی چیرۆک نەتەوایەتی ئایین نائومێدی عاشوورا
فیکر
2024-07-25 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 457 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی