تازەلاو لە نێوان دوێنران و پشتگوێخراندا

نووسینی: ئیمان محەمەد وەرگێڕانی: ئازاد حسێن
فیکر 2024-10-08 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 382 جار بینراوە

هەردەم بە دەستی ئەوەوە دەناڵێنین و بۆڵەمانە کە لەبەر ئەو دژیەکییانەی لە کەسایەتیی تازەلاودا هەن ناتوانین دروست مامەڵەیان تەکدا بکەین و بە دەمیانەوە بین، ئیتر بە گشت ئەو سیفەتانەوەی کەسایەتیی ئەوان هەڵگرێتی، مینا هەڵەشەیی و خامۆشی و بزۆزی. بەردەوامیش یەکێک لەم دوو ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەگرینە بەر، یان تەواو تەکیاندا نەرێنی دەبین و لە ئاستیاندا بێباک، یاخود یەکجار توند دەبین و بە گژیاندا دەچین، ئەمەیش زۆر جار دەمانگەیەنێتە ڕێگەلێکی داخراو و بێسوود و کارەساتگەلێک دەخولقێنێت جێکەوتەکەی لە دوورمەودادا لە ئاستی خێزاندا دەمێنێتەوە و ئەگەری هەیە خێزانیش تێبپەڕێنێت. 

هەمیشەیش زمانی گەورە و پێگەیشتووانی دەوروبەری وان بە قسەگەلێک گەرمە هاڵاوی نەرێنیبوون و ناکارایی و ملکەچبوونیان لێ هەڵدەستێت. ئێمەی گەورە جەنگ هەڵدەگیرسێنین، جەنگێکی دانوستان هەڵنەگر. ڕێک لەو کاتەیشدا منەی بوونەوەرێکی ئەفسانەیی دەکەین باری قورسی دواندن و ئەو هەڵەشەییەی لە کەسایەتییاندا هەیە و ئەو گشت دەرچوون لە دێڕ و هاتن و چوونەی ئەوان لە وەختی گفتوگۆدا لە ئەستۆ بگرێت و لە کۆڵی ئێمەی بکاتەوە. دەڵێیت مەسەلەی دەمەتەقێی گەنج و گەورە بووەتە پەڕجوویەکی مەحاڵ. گشت ئەمە لە مامەڵەماندا تەک تازەپێگەیشتوواندا بەدی دەکرێت. 

لە نێوان نەزانی و نزیکیدا... چۆن چاوم بە ڕووی جیهانەکەیاندا کرایەوە؟

منیش خۆم تەواو لەو جیهانە بێئاگا بووم و وەک شوێنێکی ئاڵۆز لێیم دەڕوانی، جێگەیەکی تەواو چۆڵ کە تەنیا ئەوانەی تێدا بەدی دەکرێت وا هاوتەمەنن و حەز و کێشەکانیان هاوبەشە، جیهانێکە تازەپێگەیشتووان بە گوێرەی ئارەزووی خۆیان چێیان کردووە و لە ڕووی یاخیبوونەوە بڕیاریان داوە هەرکەس بە خۆیان نەچوو لەو جێیەی بەدەر بنێن. یاخود هیچ نەبێت نەهێڵن چاوی ئەوانەی پێ بکەوێت کە بە ئاشکرا یان نهێنی وەک منداڵ لێیان ڕوانیون یان قبووڵیانیان نەکردووە. لێ من بێ ئەوەی ئاگەدار بم، دیتم پێم بە ڕووی ئەو جیهانەدا کراوەتەوە و سەرم لە قووڵاییەکانیەوە دەرکردووە. ئەوەتە گلاومەتە نێو گرفتەکانی ئەم دەستەیەوە و دەگەڕێم و دەفکرم تا بزانم خەمەکانیان چین؟ لێرەوە کۆمەڵێک گفتوگۆی هەمەڕەنگ دەستیان پێ کرد کە بە بڕوای خۆم من لەوان زیاتری لێوە فێر بووم و فرەتر لەوان لێی بەهرەمەند بووم. 

لەم چەند ساڵەی پێشوودا بۆ قەرزکردنی هەندێک کتێب سەریان لە کتێبخانەی گشتی دەدا و چاودێری کتێبخانەکەیش من بووم. دەهاتن هەندێک ڕۆمان و کتێبی سەرنجڕاکێشیان دەبرد، هەر زوو پەیوەندییەکی دۆستانە کەوتە نێوانمانەوە. من لەوێوە بۆم دەرکەوت ئەوان تەنیا پێویستیان بەوەیە گوێیان بۆ بگیرێت نەک زیاتر، ئەوان بە کۆڵێک خەم و ترس و کێشەوە دەهاتن، زۆر جاریش خوازیاری وەڵام نەبوون، ئەوان تەنیا کەسێکیان دەویست گوێی دڵی بخاتە لایان و بەڕاستییەوە بژنەوێت. ئاشکرایە من چارەسەری ئامادەم بۆ ئەو کێشانەی ئەوان باسیان دەکرد پێ  نەبوو، لێ باش باش پەیم بەوە بردبوو ئەوان کەسێکیان دەویست گوێیان لێ بگرێت و قبووڵیان بکات و بە جارێک دنیایەک کۆتیان لە دەست و پێ نەئاڵێنێت و یەکڕاست دەست بۆ ڕەتکردنەوە و ئامۆژگاریکردنیان نەبات. 

بۆم دەرکەوت ئەوان دەشێن خاس لە خراپ جیا بکەنەوە بەڵام -زۆر بەسادەیی- ناتوانن کاری دروست ئەنجام بدەن. چونکە ئەوان لە قۆناغێکی دیاریکراودان و ناکارن دروست بفکرێن، ئاخر عەقڵ و ناخیان مەیدانی شۆڕشگەلێکی جیاوازن و جێی گێژەڵۆک و فیکر و پرسیار و هەستێلێکی نوێن کە ئەمانە ناهێڵن بە داناییەوە بجووڵێنەوە. ئەوان تەنیا پێویستیان بە دۆستێک هەیە خۆمانە و دڵسۆزانە دەستی یارمەتییان بۆ درێژ بکات و لە ڕێکخستن و کۆکردنەوەی ئەو پەرشوبڵاوییەدا کە مێشکیانی جەنجاڵ و ناخیانی قاڵ کردووە دەستباریان بێت، دوور لە مامۆستاکاری و ئەو شێوازە باوکانەی حەزیان پێی نییە. 

ئەوان هیوایەتیان لۆژیکە لێ ئێمە زۆر جار لەگەڵیاندا بەکاری ناهێنین، ئاخر ئێمە بڕوامان بە سیاسەتی کاتبەفیڕۆنەدان هەیە. شتێکی تریش هەیە ئەویش ئەوەیە پرسیار و باسەکانی وان ئاتاجی بیرکردنەوە و ڕامانێکی قووڵن و دەستبردن بۆ وەڵامی کرچوکاڵ بژاردەیەکە سەری لە تەریقبوونەوەی خۆمانەوە دەردەچێت! ئێ دیارە ئێمە هەندێک جار وەڵاممان لە هەگبەدا نییە، لێ هێندە بوێر نیین ڕاوشکاوانە پێیان بێژین نازانین و ئەوەندە خاکەڕا نیین داوایان لێ بکەین پێکەوە بگەڕێین و وەڵامگەلێکی باشتر و دروستتر پەیدا بکەین. بۆیە بژاردە ئاسانەکە هەڵدەبژێرین و بە یەکجاری دەست لە دواندنیان دەشۆین. 

بۆ تۆ ئەی دۆستی تازەلاو

هیچ کەس بۆی نییە کاتێکت بەسەردا بسەپێنێت و بێژێت دەی ئێستا قسەکانی دڵتم بۆ ڕۆ بکە، ئاخر تۆ خۆت چاکتر دەناسیت و دەزانیت دەتەوێت لە چ کاتێکدا بدوێیت و کەی دەتوانیت ئەوەی دەتەوێت بدرکێنیت و چ ساتێک مەیلت لە پەیڤین هەیە.

زۆر جار ئەو کاتە کاتی خەفەبوون، یان وەختی شاردنەوەی فرمێسکێک، یان ساتی هەڵچوون و مامەڵەیەکی هەڵەیە یاخود ساتێکە تێیدا بێهیوایی دەستی لە هەوکت گیر کردووە و یاخیبوون وەک تاکە بژاردە دەبینیت. کێشە نییە، خۆت هەم کاتی گونجاو و هەم کەسی شیاو هەڵببژێرە و دیاریبکە. ئاخر دەربڕین و درکاندن ئاسان نییە و باسکردنی گرفت و دەردەدڵی و پرسیارەکانت شایەنی ئەوەیە کەسێک لە یەک کاتدا هەم عەقڵ و هەم تەواوی هەستەکانیشیت بە یەکسانی بێ ئەوەی یەکیان بەسەر ئەوی تردا زاڵ بێت پێ ببەخشێت، تا بگەیتە چارەسەری دروست. لێ ئەوەی گرنگە هەرکات پێویستت بە یارمەتی بوو، داوای بکەیت و ئەم پێویستییەی خۆت لەبەر هیچ هۆکارێک پشتگوێ نەخەیت. 

هاوکات دەبێت شتێکی گرنگ ڕەچاو بکەیت، ئەوی تریش هەندێک کاتی بۆ گونجاون و بڕێکی تر نەخێر. بۆیە گەر ڕووت لێ نا و دیتت سەرقاڵە، تووڕە مەبە و وا مەزانە نایەوێت گوێت لێ بگرێت، لێ دەبێت کاتی شیاو بۆ هەردوکتان ڕێک بکەوێت. 

وا مەزانە ئەو کارەی ئەو پشتگوێخستن و حسابنەکردنە بۆ تۆ و ئەو خەیاڵەت بە ڕاست مەزانە کە گەورەکان پێیان خۆشە تەنیا هاوتەمەنانی خۆیان بدوێنن و دڵنیا بە خەمەکانی تۆ بە لای ئەوانەوە جێی بایەخە و لەمە ئەرخەیان بە، لەوەیش دوودڵ مەبە لە کاتێکی تری گونجاودا بگەڕێیتەوە. 

دیارە خۆت دەنگی خۆت کاتێک لە خوێندگا تەک ئەوانی تردا و لە فرۆشگا لەگەڵ فرۆشیارەکەدا و لە کۆڵان و وەختێک لەگەڵ خەڵکی گەڕەکەکەتدا دەدوێیت، باش دەناسیتەوە. بە دەنگی خۆت کاتێک گاڵتەیەکی زبر و ڕەق تەک یەکێکدا دەکەیت چاک ئاشنایت، هەروەها کاتێک شێتانە هەڵدەچیت دەنگی خۆتت بە لاوە نامۆ نییە. 

لێ ئەوەی لە وەختی ڕۆکردنی قسەکانی ناخ و درکاندنی خەم و هەستەکانتدا بەڕاست پەی پێ دەبەیت، ئەوەی کاتێک لاوازییەکی خۆت پیشانی کەسێکی جێمتمانە دەدەیت درکی پێ دەکەیت، دەنگێکی نوێیە کە لە قووڵاییەکانی ناختەوە هەڵدەقوڵێت و لە لووتکەی ڕاستگۆییدایە، دەنگێکی جیاوازە، هەر دەڵێیت کەسێکی دیکە لە دەروونتدا قیت بووەتەوە و ئەوە دەدوێت نەک تۆ.

دەنگێکە زمانێکی جیاواز و نوێی هەیە، بە وشەگەلێکی تر دەدوێت کە تا دەتوانێت هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بەوردی گوڵبژێریان بکات و باشترینەکانیان هەڵببژێرێت. نەک بۆ خۆدەرخستن و پیشاندانی وشەی قەبە و قسەی زل، بەڵکوو بۆ هەڵبژاردنی ئەو وشە شیاوانەی لە تاریکییەکانی مێشکتدا هەڵتگرتوون و هێندە بەکارت نەهێناون تۆزی زەمەن نیشتووەتە سەریان تا وەختی گونجاو بۆ لەدایکبوونی وشەکە گەیشتووە و ئێستا گەر بیدرکێنیت، هەم خۆت و هەم ئەوانی تر، پەی بە گرنگییەکەی دەبەن. 

تۆ کە بۆ هیچ بابەتێک پرست پێ نەکراوە، تەنانەت لەو پسپۆڕییەیشدا وا پێت خۆشە هەڵیبژێریت یان لە ڕەنگی جلەکانتدا یاخود هەڵوێستت دەربارەی گرفت و پرسە جێقسەکانی ناو خەڵک، قەت ڕووی نەداوە کەسێک بیری بۆ ئەوە چووبێت ڕای تۆ بپرسێت و بێژێت: ئەی تۆ چی ئێژیت؟

تا هەستت کردووە تۆ بنیادەمێکی بێڕایت، بۆچی ڕا دەرببڕیت لە کاتێکدا تۆ هەر لە سەرەتاوە بیرکردنەوەت لێ قەدەغە کراوە؟ بۆیە ئەم بارەت خستووەتە ئەستۆی ئەوانی دی و با هەر خۆیانیش بڕیارت بۆ بدەن، تۆ لە گشت ئەمانە بە بیانووی تازەلاوییت بێبەش کراویت. ئەو وەختەی تێیدا هەست بە بوونی خۆت دەکەیت و پەی بەوە دەبەیت تۆیش بۆچوونت هەیە، ساتێکە یەکجار گرنگ و فرە دەگمەن. هەرچی ئەوی ترە کە بڕیاری داوە گوێت لێ بگرێت، دەبینێت وشەکانت چۆن کاریگەرییان لەسەری دەبێت.

پاش ئەوەی لە وەختی دەربڕینی ڕای خۆتدا دەنگی خۆت دەبیستیت، دەبینیت خەریکیت لەتەک دوێنەرەکەتدا پێ دەنێیتە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێک تێیدا دوێنەرەکەت پرسیارێکی ڕیشەیی وەها دەخاتە ڕوو لەوانەیە ببێتە هۆی بێزاربوونت، دەشێت دڕدۆنگت بکات، ئەگەری هەیە لە دەستەوسانی بترازێت هیچ وەڵامێکی تری بۆ شک نەبەیت، لێ بێگومان هانت دەدات بگەڕێیت تا وەڵامێک بۆ ئەو پرسە ورووژێنەرە چنگ بخەیت. دوێنەرەکەت دەپرسێت: لە چی دەزانیت؟ یان بە ڕای تۆ دەشێت چی بکەیت یاخود بکەین؟

لێرەدا دەبینیت ڕۆچوویتەتە نێو زنجیرەیەک لە فیکر و لێکدانەوەوە و دەستت کردووە بە نەخشەکێشی و پلاندانان. دەبینیت فیکرەکە دەبێتە خەمت، لێ ئەو خەمە کە چەشنی دۆستێکی گیانی قۆڵی لە قۆڵت کردووە، بەختەوەر و دڵخۆشت دەکات. دواتر دەگەڕێیتەوە بۆ ماڵ و هەگبەت پڕە لە کۆڵێک فیکر و پێشنیار و تێبینی. 

ڕەفیقە تازەلاوەکەم... دەزانم وا هەست دەکەیت بەسەر زەوییەکی فشۆڵدا هەنگاو دەنێیت و بە گشت ئەو پرسیارانەوەی لە ناختدان پێت خۆشە پێ بخەیتە سەر بنچینەیەکی تۆکمە، بنەمایەکی پتەوی وا لەخۆگری کۆڵێک چیرۆک و نموونە و بەڵگە بێت، دەزانم دنیایەک چیرۆک و یادگاری هەن هەرکات دەکەویتە دۆخگەلێکی هاوشێوەوە بە زەینتدا دێن و دەچن و فکرت جەنجاڵ و قاڵ دەکەن.

بۆیە لێت دەخوازم خۆت بە دەستەوە نەدەیت و تا دەتوانیت ئامرازەکانت پتەوتر بکەیت و لە وەختی گەڕانتدا کارامەیی خۆت پیشان بدەیت و بەرگریی لە بیرۆکەکەت بکەیت تا بە حەقیقەت بگەیت. بۆ ئەوەی بە حەق بگەیت نەک تەنیا لەبەر ئەوەی ڕاکەی خۆت سەربخەیت، بکۆشە ئەو ئامرازە گرنگانەی لە بەردەستت دان بەگەڕ بخەیت و بە زیرەکی و لێهاتووییەوە پیشانیان بدەیت تا ئەوەی پێویستت پێیەتی بە دەست بهێنیت.

بەوەیشی گفتوگۆ تەک تۆدا دەکات دەڵێم، چێژ لە دواندنی گەنجان لەم قۆناغەی تەمەنیاندا ببینە و چەندت توانی لە کانیی بیرە نوێکانیان کە تەواو لە سنووری چاولێکەری و فیکرە دووبارە و سواوەکان دوورن، سوود ببینە و بەهرە وەربگرە. 

ببە دۆستیان و تا ئەم پەیوەندییەت زۆرتر بە ڕاستگۆیی پتەو کرد و فرەتر بە باوەڕ پشتیت قایم کرد زیاتر پەی بەوە دەبەیت ئەمە قووڵترین پەیوەندیی ژیانت بووە. ئەوکات دەزانیت ئەم تاقمە کاتێک هەڵتدەبژێرن تا ببیتە پەناگەی فیکر و ڕازەکانیان لەو سۆنگەوەیە متمانەیان پێت کردووە، دەی تۆیش پشتیان چۆڵ مەکە و لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئەواندا بە. 

تاگەکان    
ڕانانی کتێب ڕۆژاوا موناجات ئەدەبیاتی فارسی مردن هاوڕەگەزخوازی چەواشەکاریی_لۆژیکی پارەی ئیلیکترۆنی بوووژانەوە ئیلحاد گێڕانەوە ستەم وەلی ئەمر شەهید كتێب
فیکر
2024-10-08 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 382 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی